Hesperian Health Guides

کۆرۆنا: پێکوتەکان‌


</div>

ظايرؤسي كؤرونا

لە ئێستادا چەند پێکوتەیەک (ڤاکسینێک) بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-١٩) بەردەستن. هەموویان سەلامەتن و ڕێگری دەکەن لە نەخۆشکەوتنی توند و مردن بەهۆی کۆرۆناوە. ڕەنگە نەتوانیت ئەو جۆرە پێکوتەیە هەڵبژێریت کە دەتەوێت لە خۆتی بدەیت، بەڵام جیاوازییەکانی نێوانیان بایی ئەوە نییە مانایەکی هەبێت. تا زووتر بە هەر یەکێکیان خۆت بکوتیت، زووتر پارێزراو دەبیت. کوتان دەشبێتە هۆی خاوکردنەوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.

a health worker giving a woman an injection.

پێکوتەکان چەند ڕێگەیەک بەکار دەهێنن تا وا بکەن جەستەت ڤایرۆسی کۆرۆنا بناسێتەوە و بەرگری ("دژەتەن") بۆ جەنگان دژی دروست بکات. پێکوتەکان بەگشتی بە دەرزی دەدرێن لە ماسوولکە (بەزۆری بەشی سەرەوەی قۆڵ ئاسانترین شوێنە). گەر ژەمی دووەم پێویست بوو تا بەتەواوەتی بتپارێزێت، کە ئەوەش دەکەوێت سەر جۆری پێکوتەکە، دەبێت پاش ٣ بۆ ١٢ حەفتە پاشتر ئەنجام بدرێت.

هیچکام لە پێکوتەکان ناتوانن تۆ تووشی کۆرۆنا بکەن.

پێکوتەکان سەلامەت و کاریگەرن

پێکوتەکان کاریگەرییان هەیە. تۆ و کەسانێکی زۆر کە تۆ دەیانناسیت بە سەلامەتی دژی چەندین نەخۆشی کوتراون. بەهۆی پێکوتەکانەوە، هەندێک لەو نەخۆشیانەی کە پێشتر زیانیان بە خەڵک دەگەیاند و تەنانەت ژیانیشی لە دەستاندن، وەک پۆلیۆ و ئاوڵە، لە ئێستادا دەگمەنن یان بە تەواوەتی نەماون.

پێکوتەکانی کۆرۆنا زۆر بەخێرایی بەرهەم هێنران، چۆن بزانین سەلامەتن؟

sIllustration shows people around the world working on the new vaccines: a person filling vials, a person examining a beaker, a person using a microscope and computer, a person shipping the vaccines.

هەموو پێکوتەکان تاقیکراونەتەوە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە پێکوتەکە زیانبەخش نییە، بۆ دۆینەوەی باشترین بڕ بۆ بەکارهێنان، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە پێکوتەکە هیچ کاریگەرییەکی لاوەکی مەترسیداری نییە و کاریگەرە. پێکوتەکانی کۆرۆنا لەلایەن زیاتر لە ٢٥٠ هەزار کەسەوە لە زۆر وڵاتی جیاوازدا تاقیکراونەتەوە_کەسانی سەر بە نەژادی جیاواز، بە هەبوونی نەخۆشی جۆراوجۆر تیایاندا و سەر بە تەمەنی جیاواز. پاش چەندین مانگ، بە نزیکەیی هیچ کێشەیەکی تەندروستی بۆ هیچکام لە پێکوتە نوێکان ڕاپۆرتی لەسەر نەدراوە. هەر لەبەر ئەوەیە کە پێکوتەکانی کۆرۆنا وا بەخێرایی پەسەند کران.

بەشێکی زۆری توێژینەوەکان بۆ بەرهەمهێنانی ئەم پێکوتانە بەر لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا ئەنجام دراون. بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکانی تری کۆرۆنا لە ساڵی ٢٠٠٢ (سارس) و لە ساڵی ٢٠١٢دا (مێرس) بووە هۆی کارکردن لەسەر گەشەدان بە پێکوتەی نوێ و تەکنەلۆجیاکانی بەرهەمهێنانی پێکوتە بۆ وەستاندنیان. ئەم توێژینەوانە و توێژینەوەکانی تر لە سەرتاسەری جیهاندا بەرهەمهێنانی پێکوتەکانی کۆرۆنای خێراتر کرد.

پێکوتەکان چۆن کار دەکەن؟ ئایا نەخۆشت دەخەن؟ ئایا (دی‌ئێن‌ئەی)یت دەگۆڕن؟

زیاتر لە ٧٠ پێکوتەی کۆرۆنا هەن کە لە گەشەپێدان یان لە بەکارهێناندان، بەڵام هەموویان لەڕێگەی مەشقکردن بە جەستەوە بۆ ناسینەوە ڤایرۆسەکە و دروستکردنی دژەتەن بۆ جەنگان دژی کار دەکەن.

  1. ١- پێکوتەکانی ڤایرۆسی ناچالاککراو شێوەیەکی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکار دەهێنن کە ناتوانێت نەخۆشت بخات بەڵام مەشق بە جەستەت دەکات تا دژی بجەنگێ (سینۆفرام، سینۆڤاک، ئەوانی تر).
  2. ٢- پێکوتەکانی ڕاگوێزەری ڤایرۆسی تەنها بەشێک لە ڕووکاری ڤایرۆسەکە (کە پێی دەگوترێت "پڕۆتینی چوکڵەدار") بەکار دەهێنێت، بەڵام ئەوە بەسە بۆ جەستەت تا ڤایرۆسەکە بناسێتەوە و فێر ببێت دژی بجەنگێت. (جۆنسۆن & جۆنسۆن، ئەسترازێنیکا، ئەوانی تر)
  3. ٣- پێکوتەکانی پڕۆتینی ئاوێتەبوو تێکەڵەیەک لە پارچەی بچووکی پڕۆتین لە پڕۆتینە چووکڵەدارەکەوە بەکار دەهێنن. (نۆڤاڤاکس)
  4. ٤- پێکوتەکانی ئاڕ‌ئێن‌ئەی‌ی نامەبەر (ئێم-ئاڕئێن‌ئەی) ڕێنمایی دەداتە خانەکان لەسەر ئەوەی چۆن پڕۆتینی چوکڵەدار دروست بکەن کە پاشتر دەبێتە هۆی ئەوەی جەست دەست بکات بە دروستکردنی دژەتەنەکان بۆ جەنگان لە دژی. ئێم-ئاڕئێن‌ئەی‌ـەکە ناچێتە ناو ئەو بەشەی خانەکانتەوە کە جینەکان و دی‌ئێن‌ئەی‌ی لێیە، هەربۆیە ناتوانێت دی‌ئێن‌ئەی‌یت بگۆڕێت. لە ڕاستیدا، ئێم-ئاڕ‌ئێن‌ئەی هێندە لاوازە کە هەر پاش ئەوەی ڕێنماییەکانی گەیاند بەخێرایی هەڵدەوەشێتەوە. (مۆدێرنا، فایزەر، ئەوانی تر)


هەر وەک ڤایرۆسەکانی دیکە، ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگۆڕێت (بازدان دەکات) کە مانای ئەوەیە چەشن (جۆر)ی جیاوازی کۆرۆنا لە ناوچەی جیاوازدا بڵاو دەبێتەوە. زۆرێک لە پێکوتەکان دژی جۆرە جیاوازەکانی ڤایرۆسەکە کار دەکەن. بەڵام بۆ هەندێک جۆری ڤایرۆسەکان، پێکوتەکان دەبێت گۆڕانیان بەسەردا بهێنرێت تا باشتر کار بکە، هەر بەو شێوەیەی پێکوتەی ئەنفلۆنزا (هەڵامەت) هەموو ساڵێک دەگۆڕدرێت.

چۆن بزانین کە دواتر کاریگەریی لاوەکی یان کێشەی تەندروستی پەرە ناسێنن؟

کاریگەرییە لاوەکییەکانی پێکوتەکانی کۆرۆنا بریتیین لە سووربوونەوە، ئاوسان یان ئازار لەو شوێنەدا کە دەرزییەکەی لێ دراوە، سەرئێشە، ئازاری جومگە یان ماسوولکە، داهێزراوی، یان تایەکی نزم (کە مانای ئەوە دەگەیەنێت جەستەت وەک ئەوەی پێویستە دژەتەن دروست دەکات). ئاساییە گەر هەندێک کەس بۆ ماوەی یەک یان دوو ڕۆژ هەست بە نائاسوودەیی و ناساغی بکەن و کەسانێکی تریش هیچ کاریگەرییەکی لاوەکییان نەبێت. ڕەنگە دوای ژەمی دووەم کاریگەرییە لاوەکییەکان بەهێزتر بن.

هەبوونی هەستیاری بە پێکوتەی کۆرۆنا تەواو دەگمەنە. لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگە داوات لێ بکرێت کە پاش خۆکوتانەکەت بۆ ماوەی ١٥ بۆ ٣٠ خولەک چاوەڕێ بکەیت لە ئەگەری ئەوەدا کە پێویستت بە چارەسەر بێت گەر تووشی هەستیاری بوویت.

دەیان ساڵ لە ئەزموونی خستنەڕووی پێکوتەی نوێ ئەوە پیشان دەدات کە هەر کێشەیەک کە ڕوو دەدات بەگشتی لە دوو مانگی سەرەتای پاش بەکارهێنانی پێکوتەکەدا ڕوو دەدات. بەنزیکەیی هیچکام لەو کێشانە لە پێکوتەکانی کۆرۆنادا نەدۆزراونەتەوە.

جڤاکەکەم بەتوندی ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدا بڵاوبۆتەوە بەڵام بەشێک لە خەڵکی نایانەوێت خۆیان بکوتن. چۆن بتوانم هانیان بدەم تا خۆیان بکوتن؟

a man speaking.
دەبێت پێکوتەکانی کۆرۆنا بۆ هەموو کەسێک بەردەست بن، بەبێ هیچ تێچوویەک.


خەڵکی زۆر هۆکاریان هەیە بۆ ئەوەی خۆیان نەکوتن. مامەڵە خراپەکانی ڕابردوو، لەوانە ئەزموونی جیاکاریکردن لەلایەن سیستمی تەندروستی یان بێمتمانەیی بەرامبەر حکوومەت، چەندین هۆکار دەدەن بە دەستەوە تا خەڵکی گومانیان هەبێت. هەروەها کاتێک هەواڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێوانلێون لە پەیامی پێچەوانە، ئەمە وا دەکات خەڵکی بتوانن "بەڵگە" بۆ بەنزیکەیی هەموو بیرۆکەیەک بدۆزنەوە. بەوپێیەی کۆرۆنا زۆرترین زیان بەوانە دەگەیەنێت کە سەرچاوەی کەمتریان هەیە، کێشەی تەندروستی زیاتریان هەیە، لە شوێنی قەرەباڵغدا دەژین و کار دەکەن، بۆیە گرنگترە ئەوانەی ڕووبەڕووی مەترسی زیاتر دەبنەوە دەستیان بگات بە زانیاری ورد و دروست و خۆیان بکوتن.

  • گوێبگرە، پشتڕاستی بکەرەوە و لێی دڵنیا ببەرەوە. گوێگرتن و وەڵامدانەوەی ئەزموونەکانی خەڵکی لەگەڵ کێشە تەندروستییەکاندا، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە پێکوتەکانی کۆرۆنا وە هەیە، دەتوانێت دەرفەتی ئەوەت پێ بدات کە بزانیت چی ڕاستە و چی هەڵەیە، لە کاتێکدا دان بە نیگەرانی و ئەزموونەکانی ڕابردوویاندا بنێیت.
  • ئەو کەسانە بخەرە بەرچاو کە لە وڵاتەکەی خۆت و شوێنەکانی تردا خۆیان کوتیوە بۆ خستەڕووی ئەوەی کە ئەو کەسانە نەخۆش نەکەوتوون و ئێستا حاڵەتەکانی کۆرۆنا لەو شوێنانە کەمترن.
  • لە ڕێگەی کردارەکانتەوە بدوێ. خۆت بکوتە و هانی ڕابەرانی جڤاکەکانی تر بدە کە هەمان کار بکەن.
  • ئەوە ڕوون بکەرەوە کە هەرچەندە خەڵکی ڕەنگە لاو و بەهێز بن، خۆکوتان ئەگەرەکانی ئەوە کەم دەکاتەوە کە خێزان، هاوڕێ و هاوکارەکانیان نەخۆش بکەون.
four people speaking.
ئێمە پەیامی ڕادیۆیی بە هەموو زمانەکان بەرهەم دەهێنین تا لەڕێیەوە کەسانی جێی‌متمانە و ڕابەرانی ئایینی بتوانن ڕوونی بکەنەوە کە بۆچی خۆیان کوتیوە و هانی کەسانی تریش بدەن تا هەمان کار بکەن.
ئێمە لە کۆبوونەوەکانماندا گەنگەشەی ئەوە دەکەین کە خەڵکی چییان بیستووە و لە چی دەترسن. ئێمە باسی ئەوە دەکەین کە گرنگیی پێکوتەکان بۆ تەندروستیمان هێندەی گرنگیی ئەو خۆراک و پاڵپشتیانەیە کە دابەشی دەکەین بەسەر ئەو خێزانانەدا کە کۆرۆنا زیانی لێ داون.
لێرە خەڵکی دەزانن کە پێکوتەکان یارمەتیی منداڵەکانمان دەدەن و سەلامەتن. ئەو دەرمانانەی لێرە و لە وڵاتانی دیکەدا دروست دەکرێن بەبێ کێشە لەلایەن هەموومانەوە بەکار دەهێنرێن. پێکوتەکانی کۆرۆنا جیاواز نیین. هەمان دەسەڵات دڵنیا دەبێتەوە لەوەی هەموویان سەلامەتن.
خەڵکی بیرۆکەی زۆر سەیریان هەیە دەربارەی پێکوتەکان. من هەوڵی تەواوی خۆم دەدەم لەکاتی ڕاستکردنەوەی زانیارییە هەڵەکانیاندا بە ڕێزەوە مامەڵە بکەم.

دەبێت کێ بە پێکوتەی کۆرۆنا خۆی بکوتێت؟

هەموو کەسێک دەبێت پێکوتەی کۆرۆنا وەربگرێت. کاتێک پێکوتەی پێویست بۆ هەموو کەسێک بەردەست نییە، کارە دروستەکە ئەوەیە کە سەرەتا پێکوتەکە بدرێت بەو کەسانەی کە زۆرترین مەترسیی نەخۆشکەوتنیان لەسەرە:

a health worker at a vaccination clinic speaking to a woman in a wheelchair.
دەتوانین دەرزییەکە لە ڕانت بدەین تا ئازاری قۆڵت نەدات.
  • ئەو کارمەندە تەندروستیانەی کە چاودێری ئەو کەسانە دەکەن کە تووشی کۆرۆنا بوون یان کاتیان لەگەڵ بەسەر دەبەن.
  • ئەو کارکەرانەی کە پیشەکانیان وایان لێ دەکات ڕۆژانە بەر کەسانێکی زۆر بکەون، بەتایبەت گەر لە ژینگەیەکی قەرباڵغیشدا بژین.
  • کەسانی بەتەمەن کە زیاتر لە کەسانی گەنج ئەگەری ئەوەیان هەیە تووشی حاڵەتی سەختی کۆرۆنا ببن.
  • ئەو کەسانەی کە نەخۆشی و کەمئەندامییان هەیە وەک نەخۆشییەکانی دڵ، گورچیلە یان سی، شەکرە، قەڵەوی، داون سیندرۆم و نەخۆشییەکانی تر.


ئەگەر کەسێک پێشتر تووشی کۆرۆنا بووبێت، هێشتاش هەر دەبێت خۆی بکوتێت بەڵام دەبێت چاوەڕێ بکات تا سێ مانگ بەسەر تووشبوونیدا تێدەپەڕێت.

چی ڕوو دەدات پاش ئەوەی خۆم دەکوتم؟

group of adults and children with umbrellas with the names of different vaccines. Coronavirus,  shown as little balls, bounces off the umbrellas without harming the beneath underneath. The umbrellas are labeled: Pfizer, Moderna, AstaZeneca, SputnikV, Sinopharm, Covaxin, Soberana02

فایزەر، مۆدێرنا، ئەسترازێنیکا، سپوتنیک ڤی، سینۆفاڕم، کۆڤاکسین، سۆبێرانا ٠٢

پاش خۆکوتان، جەستەت دەست دەکات بە دروستکردنی بەرگری، هەروەها پاش نزیکەی دوو حەفتە لە دواین خۆکوتان بەرگرییەکەت دەچێتە بەهێزترین دۆخ، ئەمەش واتە تۆ کوتانی تەواوەتییت وەرگرتووە. چیتر تۆ تووشی حاڵەتی مەترسیداری کۆرۆنا نابیت.

گەر لە کۆمەڵێکدا هەمووان بە تەواوەتی کوتران، چیتر پێویست ناکات ماسک بپۆشن یان ڕێکارە خۆپارێزییەکانی تر بگرنە بەر کاتێک پێکەوەن. هەروەها کەسانی تەواو کوتراو دەتوانن بە سەلامەتی لەگەڵ کەسێک یان هاوماڵێکی نەکوتراو بەڵام تەندروستدا هەڵسوکەوت بکەن بێ ئەوەی ڕێکارە خۆپارێزییەکان بگرنە بەر.

بەڵام تا ئەوکاتەی زۆربەی خەڵکی لە جڤاکێکدا بە تەواوەتی دەکوترێن، کۆرۆنا بەردەوام دەبێت لە بڵاوبوونەوە و تووشکردنی نەخۆشی. بەتایبەت لەکاتی بەسەربردنی کات لەگەڵ کەسانی بەتەمەن، کەسانی خاوەن تەندروستیی خراپ، یان کەسانی خاوەن نەخۆشێ درێژخایەنی وەک شەکرە، کێشەکانی هەناسەدان و هتد.، هەموان دەبێت ئەو ڕێکارە خۆپارێزیانە بگرنەبەر کە ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی کۆڤیدا-١٩ دەکات: پۆشینی ماسک، دەستشتنی زووزوو، خۆبەدوورگرتن لەوەی لە گەڵ کەسانێکدا کە لەگەڵیاندا ناژیت لە شوێنی داخراودا بیت، هێشتنەوەی ماوەی دوو مەتر دووری لەگەڵ کەسانی تردا.

نایەکسانی و پەتای کۆرۆنا

کۆرۆنا ڕووناکی خستە سەر ئەو نایەکسانییە ناهەموارەی لە نێوان خەڵک و نەتەوەکاندا لەسەرتاسەری جیهاندا هەیە. ئەو کەرەنتینانەی جێبەجێکران بۆ وەستاندنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بەشێوەی جیاواز کاری کردۆتە سەر خەڵکی لەسەر بنەمای ئەوەی چۆن بژێوی ژیانیان دابین دەکەن، لە کوێ دەژین، هەروەها توانای دەستگەیشتنیان بە سەرچاوەکان چۆنە. خەڵکی برسی دەبن، کار و داهاتیان لەدەست دەدەن، لە شوێنی نیشتەجێبوون وەدەر دەنرێن، لە دەرمانە پێویستەکان بێبەش دەکرێن، هەروەها بەدەست خەمۆکی و فشارەکانی تری سەر تەندروستیی دەرونییەوە دەناڵێنن. بۆ کارکردن لەسەر ئەم کێشانە، خەڵکان و گرووپگەلێکی زۆر پێکەوە کۆبوونەتەوە تا هاوکاریی یەکتر بکەن و داوای پاڵپشتی لە حکوومەتە ناوچەیی و نیشتیمانییەکان بکەن.


هەمان نایەکسانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پەیوەست بە دەستگەیشتن بە پێکوتەوە لە ئارادایە. وڵاتە دەوڵەمەندەکان بە قەبارەی زۆر پێکوتە دەکڕن لەکاتێکدا حکوومەتەکانی وڵاتە هەژارترەکان لە کۆتایی ڕیزەکەدان بۆ کوتانی دانیشتوانەکانیان. ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو مەینەتی و هەژارییەی بەهۆی پەتاکەوە هاتۆتە ئاراوە لەو وڵاتانەدا زۆر زیاتر دەمێننەوە. وەڵامدانەوەیەکی دادوەرانە بۆ کۆڤیدا-١٩ ئەمانەی خوارەوە دەخوازێت:

4 people holding a sign saying "Support a People's vaccine".
  • دەستگەیشتنی یەکسان بە پێکوتەکانی کۆرۆنا بۆ هەموو وڵاتان بێگوێدانە توانایان بۆ دابینکردنی تێچووەکەی.
  • کۆمپانیاکانی دەرمان دەبێت تەکنەلۆجیای پێویست بگوێزنەوە تا بتوانرێت پێکوتەکان لە ئاستی ناوچەییدا و لەو شوێنەی پێویستە بەرهەم بهێنرێن.
  • ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەبێت پەتای کۆرۆنا وەک دۆخی لەناکاو بناسێنێت و ڕێکەوتننامەی TRIPS (ڕەهەندەکانی بازرگانییەکانی مافە نێودەڵەتییەکانی خاوەنداری) هەڵپەسێرێت تا وڵاتان بتوانن خۆیان پێکوتە بەرهەم بهێنن.



This page was updated:٠٥ کانوونی دووەم ٢٠٢٤